Legal Corner By Rawej

Legal Corner By Rawej یاسا ئاڵۆزە؟ 🤔
من لێرەم تا سادەی بکەمەوە بۆت 💡
خوێندکاری ماستەر لە یاسای گشتیدا

06/01/2026

یەکێک لەو هەڵانەی خاوەنکار یان بەڕێوبەرەکان بە گشتی تێی دەکەون ئەوەیە کە وادەزانن ئەگەر کارمەند خۆی دەست لەکار بکێشێتەوە ئەمە وادەکات کۆمپانیاکەیان پارێزراو بێت، لە پاشەڕۆژدا کارمەندەکە ناتوانێ داوای قەرەبوو بکات.
بەڵام ئەگەر ئەم دەست لەکارکێشانەوەیە بەهۆی فشار یان بێزارکردنی خاوەنکارەوە بێت وەک ئەوەی لە ژینگەی کارەکەیدا کێشەی بۆ دروست بکات یان پۆزیشنی بگۆڕێت یان بیگوازێتەوە بۆ لقێکی دیکەی کۆمپانیا بەو مەرجەی ئەم کارانە تەنها بە ئامانجی بێزارکردنی کارمەندەکە بکات تا بیخاتە دۆخێکەوە ناچاری بکات دەست لەکاربکێشێتەوە.
لەم دۆخەدا ئەم دەست لەکارکێشانەوەیە لە یاسادا بە دەست لەکارکێشانەوە هەژمار ناکرێت و بگرە وەک یەکێک لە حاڵەتەکانی دەرکردنی زۆرداری(نایاسایی) مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بەمەش کارمەندەکە هەموو مافێکی قەرەبووی پارێزراو دەبێت و دەتوانێ بە پەنابردن بۆ دادگا وەریبگرێتەوە.
تێبینی ئەم مافە لە ماوە ١٥ ڕۆژدا پێویستە داوا بکرێ ئەگەرنا لەدەست دەچێت.



25/12/2025

زۆرجار وادەزانین واژۆی هەر نوسراوێکمان کرد دەبێت پێوەی پابەندبین، بەڵام لە یاسای کاردا بابەتەکە بەم شێوەیە نییە.
چونکە لە واقعدا زۆرجار خاوەنکار بە سودوەرگرتن لە پێگەی بەهێزی خۆی یان پێویستییە داراییەکانی کارمەند(کرێکار)، کارمەندەکانی ناچار دەکات نوسراوی دەست هەڵگرتن لە مافەکانیان واژۆبکات یان سوڵح لەگەڵ بکات لەبەرامبەر وەرگرتنی کەمتر لە شایستە یاساییەکانی.
یاسای کار ئاگاداری ئەم دۆخەیە هەر بۆیە لە ماددەی یانزەدا زۆر بە ڕاشکاوی هەموو دەست هەڵگرتن و سوڵحێکی لەم جۆرەی بە پوچەڵ هەژمارکردووە.
کەواتە پێویستە خاوەنکارەکان ئاگاداربن کە نوسراوی دەست هەڵگرتن لە ماف لەبەردەم یاسادا هیچ بەهایەکی نییە، کۆمپانیا و دامەزراوەکانیان ناپاريزێت.
ئەم پوچەڵبوونەوەیە هەموو ئەو دەست هەڵگرتن و سوڵحانە دەگرێتەوە کە کارمەند ئەنجامی داون لە کاتێکدا لەسەر کاربووە تا شەش مانگ دوای کۆتایی هاتنی کارەکەیشی.
کەواتە مافی یاسایی بە فشار و واژۆی ناچاری نافەوتێت.

21/12/2025

ئەمەش پۆرتاڵی کار و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و یاسا سەروەری، دە فەرموو دەی.

20/12/2025

خاوەنکار وەک هەمیشە بەدوای بچوکترین دەرفەتتدا دەگەڕێ تا کارمەند لە مافەکانی بێبەش بکات، قۆناغی ماوەی تاقیکردنەوەش یەکێکە لەم دەرفەتانە کە خاوەنکار زۆر خراپ لە سودی خۆی دەیقۆزێتەوە. ئەم ماوەیە لە ڕاستیدا بۆ ئەوەیە تا خاوەنکار دڵنیابێتەوە ئایا ئەم کارمەندە گونجاوە بۆ کارەکە یاخود نا زۆرجار واش لە کارمەندەکە دەگەیەنن کە هیچ مافێکی یاسایی نییە لەم ماوەیەدا، بەڵام با من لە دیدی یاساوە پێت بڵێم:
١/ بەر لە هەموو شت ماوەی تاقیکردنەوە نابێ لە سێ مانگ زیاتر بێت، دەکرێ لەو ماوەیە کەمتر بێت بەپێی ڕێکەوتنی هەردوولا بەڵام لە هیچ دۆخێکدا ناکرێ لەو ماوەیە زیاتر بێت، دوای تەواوبوونی سێ مانگی سەرەتاش ئەگەر خاوەنکار بێدەنگی هەڵبژارد و بەڕوونی هیچی پێ نەگوتیت دوودڵ مەبە چونکە لەڕووی یاساییەوە ماوەکە کۆتایی هاتووە هەڵوێستی خاوەنکاریش هیچ لە ڕاستییەکە ناگۆڕێت.
٢/ لە ماوەی تاقیکردنەوەدا تۆ وەک کارمەند هەموو مافێکت هەیە کە هەر کارمەندێکی ئاسایی هەیەتی لە مووچە و دەستەبەر و سەرجەم مافەکانی دیکە، بۆیە بە قسەی خاوەنکارەکەت تێ مەکەوە و قبوڵی مەکە بێ بەرامبەر کارت پێ بکات یان مافێکت نەداتێ بە پاساوی ئەوەی لە ماوەی تاقیکردنەوەدای، مووچەی ئەم ماوەیەشت ناکرێ بە هیچ جۆريک لە کەمترین مووچەی کرێکاری ناکارامە (کە بڕەکەی ٤٥٠ هەزارە) کەمتر بێت.
٣/ ماوەی تاقیکردنەوە بۆ هەر پۆزیشنێک نابێ لە یەکجار زیاتر بێت بۆ نموونە ئەگەر هاتوو تۆ وەک ژمێریار دەستبەکار بوویت وساڵی یەکەم گرێبەستت کرد خاوەنکار دەتوانێ ماوەیەک بتخاتە ژێر تاقیکردنەوە بەڵام دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەت گەر هاتوو بۆ هەمان پۆزیشن گرێبەستت نويکردەوە ئەم جارە بە هیچ شێوەیەک مافی ئەوەی نییە بتخاتە ژێر تاقیکردنەوە مەگەر پۆزیشنێکی نوێی پێدابیت.
٤/ خاڵی جیاوازی ئەم ماوەیە ئەوەیە کە هەرکام لەلایەنەکان واتە کارمەند و خاوەنکار مافی ئەوەیان هەیە تاک لایەنانە کۆتایی بە گرێبەستەکە بهێنن و هەڵی بوەشێننەوە.

#تێست #مووچە

17/12/2025

لە سەرەتای دامەزراندن زۆرێک لە خاوەنکاران داوای واژۆکردنی کۆمپیالەی گەورە بە بڕی خەیاڵی دەکەن لە کارمەندەکانیان بە بیانووی جۆراوجۆر، کارمەندەکەش لەپێناو بەدەستهێنانی کارەکەدا بە ناچاری واژۆی دەکات.

ڕاستییە تاڵەکە ئەمەیە پڕکردنەوەی ئەم کۆمپیالەیە زیاتر بۆ هەڕەشەکردن و چاوترساندنی کرێکارە لە کاتی دروستبوونی ناکۆکی تا واز لە مافە یاساییەکانی بهێنێت و بە ئاسانی ملبدات بۆ داواکارییە نایاساییەکانی خاوەنکارەکەی

بەڵام وەک پارێزەرێک با ئەم ڕاستییەت پێ بڵێم:

کۆمپیالە پێویستە لەنێوان دوو کەسدا ببەسترێت کە قەرزدار و خاوەنقەرزن، لەم دۆخەی تۆدا هیچ قەرزێکی ڕاستەقینە لە ئارادا نییە ئەمەش واتە سەلماندنی پووچەڵ بوونی کۆمپیالەکە لە ڕووی یاساییەوە و لەبەردەم دادگادا کارێکی یەکجار ئاسانە

چۆن لە هەڕەشەکە ڕزگارت دەبێت

یەکەم نەبوونی هۆکاری قەرز: کۆمپیالە بەبێ هۆکارێکی یاسایی ڕوون وەک مامەڵەی قەرز بەشێوەیەکی یاسایی بە پووچەڵ دادەنرێت

دووەم بەڵگە گرێبەستی کار: گرێبەستەکەت دەیسەلمێنێت کە کۆمپیالەکە بۆ کار بووە نەک قەرز ئەمەش دەبێتە هۆی ڕاگرتنی جێبەجێکردنی

سێیەم بوونی ئیرادە: بۆ ڕاست و دروستی کۆمپیالەش وەک هەر مامەڵەیەکی تری یاسایی پێویستە ئیرادە بوونی هەبێت بەبێ هیچ کەموکوڕی و لەکەدارییەک، بەڵام لەم دۆخەدا ئیرادەی کارمەند ئیرادەیەکی عەیبدارە و لەژێر ترسی لەدەست نەدانی کار کۆمپیالەکەی واژۆ کردووە و ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی لەدەستدانی هێزی یاسایی کۆمپیالەکە.

بۆیە ئەگەر خاوەنکار داوای کرد کۆمپیالەی بۆ واژۆ بکەیت تا کارت پێ بدات بێ دوودڵی واژۆی بکە، ئەگەر دواتر هەڕەشەی لێکردیت بەوەی کۆمپیالەکە جێبەجێ دەکات لەسەرت ( واتە بڕە پارەی ناو کۆمپیالەکەت لێ دەسەنێت) یەکسەر سکاڵای یاسایی داوای نەبوونی قەرز تۆمار بکە و داوای پوچەڵکردنەوەی کۆمپیالەکە بکە لە دادگا کە سەلماندنی یەکجار ئاسانە و دەتوانم پێت بڵێم گەر یەک تۆز بە وریای مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەیت دەتوانی خاوەنکارەکەت توشی سەرئێشەی یاسایی یەکجار گەورە بکەیتەوە

بە کوردی و بە کورتی کۆمپیالەکە لەڕووی یاساییەوە هیچ بەهایەکی نییە و پێویست ناکات دوودڵ بیت لەم بارەیەوە.

زانین هێزە، تۆش زانینی یاسا بکەرە ئەو هێزەی کە خاوەنکارەکەتی پێ ڕادەگریت.
#کۆمپیالە #خاوەنکار

25/11/2025

⁨ وامان دەزانی بە کۆتاییهاتنی سەردەمی دەرەبەگەیاتی و سنووردارکردنی دەسەڵاتی ئاغاکان و دەرکردنی یاساکانی چاکسازی کشتوکاڵی بێگاری کۆتایی دێت؟ بەڵام بێگاری ماوە ئەوەتا لە ناو ئۆفیسی کۆمپانیاکاندا، ئەگەر جاران بەدەست ئاغا و کوێخا و بەگ و بەگزادەکانەوە بووبێت ئێستا لە دەستی خاوەنکارەکاندایە.
کاتێک زیاد لە هەشت کاتژمێر کارت پێ دەکرێت بەبێ ڕەزامەندی خۆت و بەبێ ئەوەی هیچ بەرامبەرێکت پێ بدرێت ئەمە لە بێگاری بەولاوە دەکرێت چ ناوێکی لێ بنرێت؟ بە دەردی پەشێو ئەڵێ
فەرقی چییە دەرد هەر دەردە
کەری تۆ بم یان هی جەردە
هەرچەندە دەستور و یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان سەرجەمیان جەخت لە قەدەغکردنی بێگاری دەکەنەوە بەڵام ئەم دەقانە لە واقیعدا بەهایەکی ئەوتۆی نییە، بەتایبەت لە کۆمەڵگەیەکی وەک کۆمەڵگەی ئێمەدا کە سیاسەتمەدار و سەرمەیدار و چی و چی داری تریش زۆرینەیان وەچەی ئاغا و کوێخاکانی جارانن.
ڕەنگە شتێکی واشمان لەدەست نەیەت بۆ ڕاگرتنی (ئەسڵەن ئەم ململانێیە وانازانم هی ئەوە بێت ڕابگیرێت پەیوەندی بە سروشتی مرۆڤەوە هەیە و تاهەتایە دەمێنێت) بەڵام خۆ لانیکەم با بزانین کە بێگارییە و لە ناخی خۆمانا قبوڵمان نەبێت، ئەوەنەی خەم بە دیارە بخۆین تا ئەتەقین هههه یان ڕێگەچارەیەک ئەدۆزینەوە بۆ سنوردارکردنی.⁩

14/11/2025

⁨ ⁨ بەشێکی زۆری خاوەنکارە چاوگەشەکان ساختەچێتییەک ئەکەن و بە زیرەکیشی ئەزانن بەڵام لە ڕاستیدا گێلێتی و نەفامییەکی ڕووتە.
کورتەی ساختەچێتییەکە ئەوەیە کاتێک خاوەنکار کارمەندێک دەستەبەر دەکات مووچەکەی بە بڕێکی کەم تۆمار دەکات تا دەستەبەری کەمی بۆ بدات واتە ئەگەر کارمەندەکە لە ڕاستیدا مووچەی ملیۆنێک دینار بێت، لە دەستەبەر خاوەنکارەکە بە ٦٠٠ هەزار تۆماری دەکات تا پارەیەکی کەمی بۆ بدات.
هەر ئەم خاوەنکارە بەڕێزە کاتێک کۆتایی ساڵ دێت و زانیارییەکانی پێشکەش بە بەڕێوبەرایەتی باج دەکات مووچەی ئەم کارمەندە بە ملیۆنێک دینار تۆمار دەکات تا خەرجییەکانی زیاد بکات و لە ئەنجامدا باجێکی کەمتر بدات. بە کورتی و بە کوردی ئەیەوێت لە هەموو سودەکانی یاسا بخوات.
بەمەش ڕەنگە سودێکی کورت مەودای دەستبکەوێ بەڵام بۆ داهاتوو دەکرێت خۆی دووچاری کێشەیەکی یاسایی یەکجار گەورە بکات، چونکە دوو زانیاری پێچەوانە و دژیەکی داوە بە دوو دامەزراوەی فەڕمی کە دەکرێ ئەمەش ببێتە هۆی ئەوەی لێپێچینەوەی لێبکرێت بە یەکێک یان زیاد لەم تاوانانە:
١- تاوانی ساختەکاری و پێشکەشکردنی زانیاری هەڵە.
٢- خۆدزینەوە لە باج.
٣- خۆدزینەوە لە پابەندبوون بە دەستەبەر.
بۆیە دەستەبەری کارمەند بە مووچەی ڕاستەقینە چەند لە سودی کارمەندەکە و داهاتوویدا بێت هێندەش لە سودی خاوەنکاردایە.
جا خاوەنکاری بەڕێز هیچ دڵت بەوە خۆشنەبێ کە تا ئێستا ئەمەت بۆ چۆتە سەر و لێپرسینەوەت لێ نەکراوە ئیتر پاڵی لێبەیتەوە و وابزانی تا سەر هەر وا دەبێت، ڕۆژی خۆی دێت ئەمڕۆ نا سبەی بۆ ئەوەی لەو ڕۆژەدا پارێزراوبیت دروستترین بژاردە پێدانی هەموو مافە یاساییەکانی کارمەندەکەتە، بەمە ڕێزت لەلای کارمەند زیاد دەکات کە دەکرێ بە ئەرێنی کاریگەری لەسەر ژینگەی کارەکەشت هەبێ و سودی زیاتری ماددیشت چنگ بکەوێ سەرەڕای ئەوەی لە ڕووی یاساییشەوە کەس ناتوانێ پێت بڵێ بەری چاوت کلی پێوەیە.
لە کۆتاییدا هەر خاوەنکارێکی لەم شێوەیە شک دەبەن تکایە هەواڵی لێبدەن لای داواکاری گشتی، بەهەر هۆکارێکیش ئەگەر ناتوانن هەواڵبدەن زانیارییەکان بۆ من بنێرن با خۆم بکەم بە سوری بەر لەشکر و خۆم هەواڵیان لێبدەم.⁩⁩

12/11/2025

یەکێک لە هەستیارترین بابەتەکانی یاسا و ژینگەی کار بریتییە لە سزا دیسپلینییەکان، هەستیارییەکەشی لەوەدایە کە دوو بەرژەوەندی دژ بەیەک ڕێک دەخات: بەرژەوەندی خاوەنکار لە پاراستنی ڕێکخستنی کارەکەی، بەرژەوەندی کارمەندیش لە پاراستنی سەرچاوەی داهاتی و دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت بۆی( هەم لە ڕووی جەستەیی و هەم لە ڕووی دەروونییەوە)
لەم هاوکێشەیەشدا بێگومان کارمەند لایەنی لاوازە و دەکرێت ڕووبەڕووی پێشێلکاری یان چەوساندنەوە ببێتەوە بە تایبەت کە باسەکە دێتە سەر توندترین سزای دیسپلینی کە بریتییە لە دەرکردن لە کار.
وەک لە پۆستەکانی پێشتردا ئاماژەم پێکرد خاوەنکار تەنها لە هەندێک حاڵەتی دیاریکراودا دەتوانی سزای کارمەند بدات بە دەرکردن. جگە لەوە سەپاندنی هەموو سزایەکیش ڕێکاری یاسایی دیاریکراوی هەیە(کە ئەمەشیانم پێشتر باسکردووە)، کەواتە هەرکات دەرکردنی کارمەند لە بەرامبەر یەکێک لەو حاڵەتانەدا نەبوو یان ڕێکارەکانی سەپاندنی سزاکە ڕەچاو نەکرا ئەوکات لەبەردەم دەرکردنی نایاساییداین.
ئەوەی گرنگە بیزانیت ئەوەیە ئەگەر بە نایاسایی لە کار دەرکرایت مافەکانت چین؟
لەم دۆخەدا تۆ دەتوانی داوای هەڵوەشاندنەوەی سزاکە بکەیت لەڕێی دادگای کارەوە، ئەگەر دادگای کار بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی دەرکردنەکەت هەموو ئەو ماوەیەی کە تۆ لە کار دابڕاوی تا بەرواری دەرچوونی بڕیاری دادگا وا هەژمار دەکرێت کە تۆ لەسەر کاربوویت و خاوەنکار پێویستە لەسەری مووچەی هەموو ئەم ماوەیەت پێبدات.
سەرەڕای ئەوەی مافی داواکردنی قەرەبووت هەیە بۆ هەر زیانيکیش جا زیانەکە ماددی بێت یان مەعنەوی کە لە ئەنجامی ئەم دەرکردنە نایاساییە توشت بووە. دیاریکردنی بڕی قەرەبووەکەش بەپێی سروشتی زیانەکە و جۆری ئەو کارەی کردووتە و هەموو ئەو ماوەیەی لە کاردا بەسەرت بردووە دەگۆڕێت.
بەڵام لێرەدا خاڵێکی گرنگ هەیە کە پێویستە ئاگاداری بیت تۆ تەنها تا ماوەی ١٥ ڕۆژ لە ڕۆژی دەرکردنتەوە دەتوانی پەنا بۆ دادگای کار ببەیت بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی سزاکە، پاش تێپەڕبوونی ١٥ ڕۆژ ئەم مافەت نامێنێت، بۆیە ئەگەر بە نایاسایی دەرکرایت بە زووترین کات پەنا بۆ دادگا ببە تا مافەکانت پارێزراو بن.
#دەرکردن #سزا

04/11/2025

⁨ ⁨ ⁨ ⁨ ⁨ زیادەی ساڵانەی موچە مافی تۆیە نەک دیاری خاوەنکاربێت بۆت:
زۆرینەی خاوەنکاران و کارمەندان و تەنانەت بەشێک لە یاساییەکانیش وادەزانن کە مووچەی کارمەند لە سەرەتاوە چەند بوو هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە تێپەڕینی هەر ساڵێک بەسەر کارکردنتدا لە هەمان شوێن مافی زیادەی ساڵانەی موچەت دەداتێ ( هاوشێوەی فەرمانبەرانی کەرتی حکومی).
هەرچەندە یاسای کار بە ڕاشکاوی ئاماژەی بەم مافە نەداوە بۆ کارمەند، بەڵام بە وردبوونەوە و ڕامان لە دەقەکانی یاساکە دەتوانین بڵێین ئەم بابەتە مافێکی بنچینەیی کارمەندە، ئەگەر دەپرسی چۆن؟ لێگەڕێ با پێت بڵێم:
یاسای کار لەباسی سزا دیسپلینییەکاندا ئاماژە بە کۆمەڵێک سزا دەکات کە دوو لەو سزایانە بریتین لە دواخستنی زیادکردنی موچە (واتە لەبری ئەوەی دوای ساڵێک موچەکەت زیاد بکرێت خاوەنکار ئەم ماوەیەت بۆ بکاتە ساڵ و نیوێک ) و پێنەدانی زیادەی ساڵانەی مووچە.
پرسیارە لۆژیکییەکە ئەوەیە کە ئایا چۆن یاسا دەکرێ پێنەدان یان دواخستنی شتێک بکاتە سزا، ئەگەر ئەو شتە خۆی لە بنچینەدا مافێک نەبێت بۆ کارمەند؟
کەواتە بەپێی تێگەشتن لەم دەقە دەبێ بڵێین دۆخە ئاساییەکە ئەوەیە پاش تێپەڕبوونی هەر ساڵێک موچەی کارمەند زیادبکرێت دواخستن یان نەدانی ئەم زیادەی ساڵانەیەش دۆخە نائاساییەکەیە کە لە حاڵەتی سەرپێچی کارمەندا دەکرێت پێی سزابدرێت.
کەواتە ئەگەر خاوەنکارەکەت بێ هیچ سەرپێچییەکی تۆ موچەکەت بۆ زیاد ناکات دوای تێپەڕینی ساڵێک، ئەمە بە تەنها پێشێلکردنی مافێکت نییە بەڵکو سزادانیشتە لەبەرامبەر هیچدا!
لەم حاڵەتەدا هەوڵبدە بە گفتوگۆ لەگەڵ خاوەنکارەکەت ئەم بابەتە چارەسەر بکەیت ئەگەر گفتوگۆ سودی نەبوو بێ دوودڵی چەکی یاسا بەکاربهێنە، چونکە تۆ لە پێگەیەکی یەکجار بەهێزدایت هیچ سەلماندنێکت لە ئەستۆ نییە واتە تەنها بە داواکردنی ئەم مافەت دادگا بۆت بڕیار دەدات بێ ئەوەی ئەرکی قورسی سەلماندن بکەوێتە سەرشانت.
مافەکانی خۆت مەکە بە قوربانی بەرژەوەندییەکانی خاوەنکار و دوودڵ مەبە لە داواکردنیان.
#دیسپلین #سزا #پێشێلکاری⁩⁩⁩⁩⁩

02/11/2025

دووگیانیت؟ پیرۆزە، دەزانم ڕەنگە دوودڵ بیت سەبارەت بە داهاتووی کارەکەت ڕەنگە ترسی ئەوەت هەبێ کارەکەت لەدەست بدەیت، یان پاش لە دایکبوونی کۆرپەکەت لات وابێ کە ڕاستەوخۆ پێویستە بگەڕێیتەوە سەرکار، بۆ چرکەیەک واز لەم بیرکردنەوانە بهێنە و وەرە با پێت بڵێم بەپێی یاساکانی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی مافەکانت چین:
١/ خاوەنکار هەرگیز ناتوانێ دووگیانییەکەت بکاتە پاساو بۆ کۆتایی هێنان بە کارەکەت و دورخستنەوەت، ئەمە جیاوازییەکی ڕەگەزی ئاشکرایە و هەرکات بەرامبەرت کرا بێ دوودڵی پەنا بۆ دادگای کار ببە تا مافەکانت پێ بدرێتەوە.
٢/ لە ماوەی دووگیانی و پاش لەدایکبوونی کۆرپەکەت تۆ پێویستت بە پشووە و یاساش باش ئەم دۆخەی لەبەرچاو گرتووە هەر بۆیە لە حاڵەتی ئاساییدا یاسا بڕیاری ٧٢ ڕۆژ مۆڵەتی بۆداویت بە موچەی تەواوەتی، دەکرێ ئەم ٧٢ ڕۆژی مۆڵەتە بەش بکرێت بۆ ماوەی دووگیانی و ماوەی پاش لە دایکبوون بە جۆرێک کە ٣٠ ڕۆژی ئەم ماوەیە بکەوێتە ماوەی بەر لە لەدایکبوونی کۆرپەکەت.
جگە لەوە لە حاڵەتی لەدایکبوونی زیاد لە منداڵێک یاخود لە دۆخی تەندروستی قورسدا دەکرێ ئەم ماوەیە تا ٩ مانگ درێژ ببێتەوە، کە ئەم ماوە زیادەیەیان بێ مووچەیە، بەڵام دوودڵ مەبە ئەگەر دەستەبەری کۆمەڵایەتیت بۆ کرابێت پێویستە لەسەر بەڕێوبەرایەتی کار قەرەبووی ئەو ماوەیەی مۆڵەتەکەت بۆ بکەنەوە (واتە ئەوان قەرەبوویەکت پێدەدەن بە هێندەی ئەو مووچەیەی کە ئەگەر لەسەر کار بوویتایە وەرت دەگرت)
٣/ لە ماوەی دوو گیانیدا خاوەنکار بەهیچ جۆرێک بۆی نییە کاری قورس و کاری زیادەت پێبکات.
٤/ لە پاش لەدایکبوونی کۆرپەکەت و دوای کۆتایی هاتنی ماوەی مۆڵەتەکەت دەگەڕێیتەوە سەرکارەکەت، ڕەنگە لەو کاتەدا تەندروستی منداڵەکەت نیگەرانت بکات بە تایبەت لە بابەتی شیرپێداندا، بەڵام دیسان دوودڵ مەبە یاسا بیری لەمەش کردۆتەوە. لە کاتژمێرەکانی کارکردندا بەدەر لەو پشووەی پێویستە بە هەموو کارمەندان بدرێت سەرەڕای ئەوە تۆ مافی وەرگرتنی کاتژمێرێک پشووت هەیە بۆ شیرپێدان بە کۆرپەکەت و ئەم کاتژمێرە پشووەش بە کاتی کارکردن بۆت هەژمار دەکرێت.

تەندروستی خۆت مەکە بە قوربانی بەرژەوەندییەکانی خاوەنکار، لە کاتی پێشێل کردنی هەرکام لەم مافانەت ڕاستەوخۆ پەنا بۆ دادگای کار ببە و پشت بە هێزی یاسا ببەستە.
#دووگیانی #کۆرپە #لەدایکبوون

01/11/2025

⁨ ⁨ زۆرێک وا دەزانن کە خانەنشینی تەنها بۆ فەرمانبەرانی کەرتی گشتییە، هەر ئەمەش وایکردووە دامەزراندن لە کەرتی گشتی خواستی زیاتری لەسەر بێت.

بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە کارمەندی کەرتی تایبەتیش، هاوشێوەی فەرمانبەری حکومی، مافی تەواوی خانەنشینبوونی هەیە. (بۆ زانیاریتان، لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەزار کارمەندی کەرتی تایبەت خانەنشین کراون و مانگانە مووچە وەردەگرن).

بۆ سودمەندبوون لەم مافە، پێویستە ئەم مەرجانە جێبەجێ ببێت:

یەکەم: خانەنشینی ئاسایی (بە تەمەن و ساڵانی خزمەت):

بۆ پیاوان: کاتێک تەمەنی دەگاتە ٦٠ ساڵ و لانیکەم ٢٠ ساڵ خزمەتی دەستەبەرکراوی هەبێت.
بۆ ئافرەتان: کاتێک تەمەنی دەگاتە ٥٥ ساڵ و لانیکەم ٢٠ ساڵ خزمەتی دەستەبەرکراوی هەبێت.
دووەم: خانەنشینی پێشوەختە (تەنها بە ساڵانی خزمەت):

بۆ پیاوان: ئەگەر لانیکەم ٣٠ ساڵ خزمەتی دەستەبەرکراوی هەبێت (لێرەدا تەمەن گرنگ نییە).
بۆ ئافرەتان: ئەگەر لانیکەم ٢٥ ساڵ خزمەتی دەستەبەرکراوی هەبێت (لێرەدا تەمەن گرنگ نییە).
مەرجی سەرەکی: دەستەبەری کۆمەڵایەتی (ضمان)!
بۆ ئەوەی ساڵانی خزمەتەکەت هەژمار بکرێت، پێویستە مانگانە لێبڕینی دەستەبەری بۆ کرابێت. ئاگاداربە، ئەم پارەیە ناتوانرێت لە کۆتاییدا و بە یەکجار بدرێت. بڕی لێبڕینەکە بریتییە لە ١٧٪ی مووچەکەت، کە ٥٪ لەسەر خۆتە و ١٢٪ ئەرکی خاوەنکارە بۆتی بدات.

حاڵەتە تایبەتەکانی تری خانەنشینی:
جگە لەمانە، ئەگەر کرێکار لە کاتی کارکردندا تووشی پەککەوتەیی (تەواو یان بەشەکی) بوو، یان گیانی لەدەستدا، ئەوا خۆی یان میراتگرەکانی مافی وەرگرتنی مووچەی خانەنشینییان دەبێت.

خاوەنکارەکەت دەستەبەرت ناکات؟ چارەسەر چییە؟
مافی خۆت بناسە و داوای بکە. داهاتووی خۆت مەکە قوربانیی بەرژەوەندیی خاوەنکارەکەت. ئەگەر ئامادە نییە دەستەبەرت بکات، یەکێک لەم هەنگاوانە بگرە بەر:
١. پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە شارەکەت بکە.
٢. سکاڵای خۆت بگەیەنە لیژنەکانی پشکنینی کار.
٣. ئەگەر ئەمانە سوودی نەبوو، دادگای کار دەرگای کراوەیە.

⚠️ زۆر گرنگ!
ئەگەر لە کارەکەت دابڕایت یان بێکار بوویت، هەرگیز پارەی دەستەبەرییە کۆکراوەکەت ڕامەکێشە! چونکە بەم کارە هەموو ساڵانی خزمەتت دەسڕێتەوە و لە مافی خانەنشینبوون بێبەشدەبیت. وازی لێ بهێنە تا ئەو کاتەی مەرجەکانی خانەنشینیت تێدا دێتە دی.⁩⁩

31/10/2025

هانس کڵسن تیۆرساز فەیلەسوفێکی گەورەی یاساییە سەر بە قوتابخانەی پۆزێڤیزمە. ئەو دەیگوت پێویستە یاسا وەک زانستێکی پوخت لێی بڕوانین و بە تەواوی دایببڕین لە هەرشتێکی دەرەوەی خۆی بە تایبەتیش لە ئەخلاق و سیاسەت. بۆیە لای ئەو ناوەڕۆکی یاسا هیچ بایەخێکی نەبوو پرسیاری ئەوەش کە ڕێسایەکی یاسایی باشە یان خراپ لای ئەو بێ مانا بوو.
بۆ سەلماندنی پوختەیی بوونی یاساش کڵسن گوتی کە سیستمی یاسایی هەڕەمێکی پلەبەندە بەجۆرێک هەر ڕێسایەکی بنکی هەڕەمەکە شەرعیەتی خۆی لە ڕێسای بانتر وەردەگرێ . بۆ نموونە بڕیاری بەڕێوبەرێکی گشتی شەرعیەتی خۆی لە ڕێنمایەکی وەزارەتەوە وەردەگرێت، ڕێنماییەکەش لە یاسانامەیەکەوە کە لە پەرلەمان دەرچووە، هەرچی یاسانامەکەی پەرلەمانیشە شەرعیەتی خۆی لە دەستورەوە وەردەگرێت.
واتە دەستور لە لوتکەی هەڕەمەکەدایە، هەر ئالێرەشەوە کێشەی تیۆریاکەی سەرهەڵدەدات، ئەی کەواتە دەستور لە کوێوە شەرعیەتی وەرگرتووە؟ بۆ خۆ دەربازکردن لەم کێشەیە کڵسن گوتی دەستور شەرعیەتی خۆی لە دەستوری پێشترەوە وەردەگرێت، کەواتە ئەگەر بگەڕێینەوە دواوە بۆ ساتی سەرهەڵدانی یەکەم دەستور ئەی ئەو شەرعیەتی لە کوێوە وەرگرتووە؟
جا کڵسن تۆزێ عیناد بوو ههههه بۆ ئەوەی دان بەوەدا نەنێت کە یەکەم دەستور شەرعیەتەکەی لە دەرەوەی یاساوە سەرچاوە دەگرێت، چەمکی گرووندنۆرمی داهێنا. گرووندنۆرم ڕێسایەکی گریمانەکراوی عەقڵییە و ناوەڕۆکەکەی بریتییە لە: دەبێ ملکەچی یەکەم دەستور ببین.
بەحسابی خۆی بەمە کێشەکەی چارەسەرکرد جا لەبەر ئەوەی گرووندنۆرم یاسا نییە و هیچ شەرعیەتێکی یاسایی نییە. کەواتە ئەی هێزی سەپاندنی گرووندنۆرم لە کويوە سەرچاوە دەگرێ؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە ناچارانە دەبێ بچینە دەرەوەی یاسا ههههه
کەواتە ئەو ڕێسا پوخت و دابڕاوەی کڵسن بانگەشەی دەکرد بە ناچاری لەسەر بنەمایەکی ناپوختی دەریاساوە سەرچاوەی گرتووە
ئەی کەواتە گرووندنۆرم بۆ هەیە ؟ وەڵا ئەوەیان کڵسن خۆشی نازانێت. ئیتر وا خۆشترە و تەواو ههههه

Address

Sulaimaniya

Opening Hours

Monday 09:00 - 21:00
Tuesday 09:00 - 21:00
Wednesday 09:00 - 21:00
Thursday 09:00 - 21:00
Friday 09:00 - 21:00
Sunday 09:00 - 21:00

Telephone

+9647708614545

Alerts

Be the first to know and let us send you an email when Legal Corner By Rawej posts news and promotions. Your email address will not be used for any other purpose, and you can unsubscribe at any time.

Share