16/08/2026
کاتێک دیوارەکانی ماڵ دەبنە دادگا
دەسەڵاتی دادوەری وەک پایەی سێیەمی حکومەت و سەرەکیترین کۆڵەکەی کۆمەڵگە، پێویستی بە ژینگەیەکی شایستە هەیە کە لەگەڵ گەورەیی پەیامەکەیدا بگوونجێت چونکە ناوەندەکانی دادوەری تەنها ئۆفیسێک نین بۆ پەسەندکردنی کاغەز و بڕینەوەی کێشەکان، بەڵکو هێمای نیشتمانیی سەروەریی یاسان. کەچی کاتێک بۆ یەکەمجار سەیری بینای دادگاکان دەکەیت، ڕووبەڕووی شۆکێکی گەورە و ئیهانەیەکی ناڕاستەخۆ دەبیتەوە بەرامبەر بە کەرامەتی یاسا و شکۆی هاوڵاتییان.
بینای دادگا دەبێت بەپێی ستانداردی تایبەت دیزاین بکرێت؛ هۆڵی دانیشتنی فراوان، ڕێڕەوی جیاواز بۆ دەستبەسەرکراوان و دادوەران، و کەشێک کە سام و هەیبەتی یاسا لە دڵدا بچێنێت. کەچی ئەوەی دەبینرێت بینایەکی کۆن یان گۆڕینی خانوویەکی ئاساییی نیشتەجێبوونە یان باڵەخانەیەکی نەشیاو بۆ "دادگا"، کە ئەمهش بەڵگەیەکی ئاشکرای بەکەم سەیرکردنی چەمکی دادپەروەرییە. ژووری دانیشتنی خێزانێک یان ژووری نوستنێک کە بۆ ژیانی خێزانی دروست کرابێت، بگوڕدرێت و ناوی بنرێت "هۆڵی دادگاییکردن"!
چ جای فەرامۆشکردنی لایەنی هونەری و تەلارسازیی باڵا؛ لە تەواوی جیهانی شارستانیدا، شێوازی بەرزی سەقفەکان، ڕووناکی، نیشانەکان و تەنانەت ڕەنگ و هێڵە هونەرییەکانی ناو دادگا، بە ئەنقەست بە جۆرێک دیزاین دەکرێن کە هەستی ترسی تاوانبار، هیوای مافخوراو، و سام و ڕەنگدانەوەی دادوەر بەرجەستە بکەن. نەبوونی ئەندازیاری و هونەری شایستە لە دادگاکاندا، ڕاستەوخۆ دەستکەوتە ڕۆحییەکەی یاسا دەشێوێنێت و دەیکاتە چوار دیواری ساردی بێ ڕۆح.
ئەم واقعە زۆر خێرا شوێنەوارە خراپەکانی خۆی بەسەر کەشی دادگاییکردن و دەروونی ئامادەبوواندا دەسەپێنێت.
دەرەنجامی ئەمانەش دروستبونی کەشوهەوایەکی خنکێنەرە و قەتیسبونی هەوا لەناو داڵان و ڕێڕەوە تەسکەکانی خانوویەکدا کە کراوەتە دادگا، دەبنە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغییەکی بێزارکەر تاقەتپروکێن، هاوڵاتییان و پارێزەران ناچارن لەناو تەنگیی ژوورەکاندا بۆ کاتژمێری درێژ بەپێوە بوەستن، کە ئەمەش هەستی ماندوێتی، بێزاربوون و پەستبوونیان چەند بەرامبەر دەکاتەوە.
لەلایەکی ترەوە،کاتێک هاوڵاتییەکی مافخواراو بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانی ڕوو لە دادگایەک دەکات کە بیناکەی لە خانوویەک یان شوێنێکی مەدەنیی نەشیاو دەچێت، لە یەکەم هەنگاویدا متمانەی بە هەیمەنە و سەروەریی ئەو دامەزراوەیە و دەڕوخێت. لەبری دەستەبەرکردنی هێمنیی دەروونی، بیناکە خۆی دەبێتە فشارێکی نوێ بۆ سەر شانی داواکارانی دادپەروەری.
هاوکار هۆشیار