21/07/2026
جەلیل خەیات لەدروستکردنی
" ئۆرزدی باک " و " مزگەفت " لە هەولێر
سەرەتای ساڵانی شێست و هێشتا ئەو دادگایەی لای قەڵاتێ دروست نەکرابوو بەرامبەریشی حەسارێکی ڕوخاوو بوو لەتەنیشتیەوەشی چەند ماڵێک هەبوو ئەو خانیانە موڵکی ماڵی (دکتۆر محمد زیوەر شریف و دکتۆر تەڵعەت شریف)بوون
لەبەردەمی ئەو حەسارە ڕوخاوە کەسانێک هەبوون شوشەواتیان دەفرۆشت لەنزیکی ئەوێش ئوتێلی(سەفین)هەبوو.
ڕۆژانە خەڵک لۆ ناو بازاڕ لە تەیراوەوە دەهات و بەپێشی دەڕۆیشتن ،لە بەرامبەر دەرگای قەڵاتێ (جەلیل خەیات) دوکانی بەرگدووری هەبوو ،
ساڵ هات و ساڵ چوو تا گەیشتە ساڵی(1974) لەناکاو شوێنی حەسارە ڕوخاوەکە بوو بە باڵەخانەیەکی ئێجگار جوان و لەسەرووی هەموشیانەوە بۆ یەکەمجار لە شاری هەولێر (ئۆرزدی باک) لەسەردەستی (جەلیل خەیات) ئەوبینا جوانە دروستکراو کرایەوە .
لۆ ئەوکاتی (هەولێر) وەکوو جادەی (شانزلێزێ)ی (پاریس)بوو !
جوانترین سیمای جوانی بە (هەولێر) بەخشی و ئەو جادەیە لە کەلاوەوە کردە شوێنی حەسانەوەی هەستی خەڵک بەتایبەت هی گەنجەکان و بێجگە لەوەی ژمارەیەکی زۆر لە کچ و کوڕانی هەولێر لە (ئۆرزدی باک) جێ ژوانییان دادەناو خەڵکێکی زۆری کچان و کوڕانیش دامەزران و گوزەرانیان باشبوو وبەتایبەت کچان یەکەمجار بونە فرۆشیار لەو دەزگایە جوانە ..
(جەلیل خەیات) بەوەش نەوەستا هەمیشە بیری لە جوانکاری هەولێر کردۆتەوە و لایەنی خوا پەرستیشی فەرامۆش نەکردوە ئەوەتا جوانترین مزگەوتی لەساڵی ۱۹۹۷ دروستکرد و کە ئێستا بۆتە شوێنێکی دیاری هەولێر بۆ خوا پەرستی .
پاشان هەڵسا بەدروستکردنی مۆڵێکی جوان ئەمەشیان بەشێکە لە خزمەتکردنی ئەو شارە و مانەوەی وەکو شوێنەوارێکی زیندوو بۆ هەولێر ،کەواتە ئەو پیاوە هەمیشە پارەکانی بۆ جوانکاری ئەو شارە تەرخانکردوە و کەسیش لە رابردوو و ئەمڕۆ و ئایندەش ناتوانێ بڵێ (جەلیل خەیات) خزمەتی جوانکاری شاری هەولێر ی نەکردوە.