11/09/2026
# ڕاپۆرت
# # لەسەر ئیمتیازی کاربەدەستانی دەوڵەت لە دادگای تاوانی و پڕۆسەی ئامادەکردنی پەیماننامەی تاوانەکانی مرۆڤایەتی
# # # ١. پێشەکی
ئەم ڕاپۆرتە پشت بە ناوەڕۆکی پرێزەنتەیشنێکی زانستی و یاسایی دەبەستێت کە باس لە پەرەسەندنی یاسای نێودەوڵەتی لەبارەی بەرپرسیارێتی تاکەکەسی بۆ تاوانە نێودەوڵەتییەکان و پرسیاری ئیمتیاز و حەصانەی کاربەدەستانی دەوڵەت دەکات.
پرێزەنتەیشنەکە بابەتەکە لە سێ قۆناغی سەرەکی دەخاتەڕوو:
1. دادگاکانی سەردەمی نۆرەمبێرگ و دادگاکانی نێودەوڵەتی و تێکەڵەیی دواتر؛
2. ستاتۆتی ڕۆمی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC)؛
3. کاری کۆمیسیۆنی یاسای نێودەوڵەتی (ILC) لەسەر ئیمتیازی کاربەدەستانی دەوڵەت لە دادگای تاوانیی دەرەوەی وڵات و پڕۆسەی دروستکردنی پەیماننامەی نوێ بۆ تاوانەکانی مرۆڤایەتی.
# # # ٢. بنەمای نۆرەمبێرگ: پلە و پۆستی فەرمی نابێتە هۆی ڕزگاربوون لە بەرپرسیارێتی
یەکێک لە گرنگترین بنەماکانی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی لە سەردەمی دادگای نۆرەمبێرگەوە ئەوەیە کە پۆستی فەرمی نابێتە هۆی ڕزگاربوونی کەسێک لە بەرپرسیارێتی.
ماددەی ٧ی پەیماننامەی دامەزراندنی دادگای سەربازیی نێودەوڵەتی نۆرەمبێرگ لە ساڵی ١٩٤٥ ڕوون دەکاتەوە کە پۆستی فەرمیی تۆمەتبار، تەنانەت ئەگەر سەرۆکی دەوڵەت یان بەرپرسیارێکی حکومەت بێت، نابێتە هۆی ئەوەی بەرپرسیارێتییەکەی لاببرێت یان سزاکەی کەم بکرێتەوە.
ئەم بنەمایە دواتر لە پەیماننامەی ڕێگری و سزادانی جینۆسایدی ١٩٤٨شدا پشتڕاست کرایەوە. ماددەی IV دەڵێت ئەو کەسانەی جینۆساید یان هەر یەکێک لە کردارەکانی ماددەی III ئەنجام دەدەن، دەبێت سزادراون، جا ئەگەر فەرمانڕەوا، بەرپرسیاری حکومەت یان کەسێکی ئاسایی بن.
هەمان بنەما لە ستاتۆتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ یۆگۆسلاڤیای پێشووتر (ICTY) و دادگای رواندا (ICTR) ـیشدا دووبارە کراوەتەوە.
# # # ٣. ستاتۆتی ڕۆم و ماددەی ٢٧
یەکێک لە بەهێزترین دەقەکانی ستاتۆتی ڕۆم لەبارەی نەبوونی کاریگەری پۆستی فەرمی، ماددەی ٢٧ ـە.
بەپێی ماددەی ٢٧:
* ستاتۆتەکە بە یەکسانی بۆ هەموو کەسان جێبەجێ دەکرێت، بەبێ جیاوازی لەسەر بنەمای پۆستی فەرمی؛
* پۆستی سەرۆکی دەوڵەت، سەرۆکی حکومەت، ئەندامی حکومەت یان پەرلەمان، نوێنەری هەڵبژێردراو یان بەرپرسیاری حکومەت نابێتە هۆی ڕزگاربوون لە بەرپرسیارێتی تاوانی؛
* حەصانە و ڕێکارە تایبەتەکان کە لە یاسای ناوخۆ یان یاسای نێودەوڵەتییەوە پەیوەندییان بە پۆستی فەرمیی کەسێکەوە هەیە، نابێت ڕێگری لە دادگا بکەن بۆ جێبەجێکردنی دەسەڵاتی خۆی.
ئەم بنەمایە بۆ پرسیاری بەرپرسیارێتی کاربەدەستانی باڵای دەوڵەت لە تاوانە گەورە نێودەوڵەتییەکان گرنگییەکی تایبەتی هەیە.
# # # ٤. ماددەی ٩٨ی ستاتۆتی ڕۆم: حەصانە و هاوکاریی دەوڵەتان
لە هەمان کاتدا، ستاتۆتی ڕۆم لە ماددەی ٩٨ ـدا ڕەهەندی تری بابەتەکە باس دەکات.
بەپێی ئەم ماددەیە، دادگا ناتوانێت داواکاریی دەستگیرکردن، ڕادەستکردن یان یارمەتییەکی دیاریکراو بنێرێت کە دەوڵەتی داواکراو ناچار بکات لەگەڵ پابەندییەکانی یاسای نێودەوڵەتی لەبارەی حەصانەی دەوڵەت یان حەصانەی دیپلۆماسیی کەسێکی دەوڵەتی سێیەم ناکۆک بێت، مەگەر پێشتر هاوکاریی دەوڵەتی سێیەم بۆ لابردنی حەصانەکە بەدەست بهێنێت.
بەم شێوەیە، جیاوازییەکی گرنگ لە نێوان «بەرپرسیارێتی تاوانی» و «ڕێکارەکانی حەصانە و هاوکاریی نێوان دەوڵەتان» دروست دەبێت.
# # # ٥. کاری کۆمیسیۆنی یاسای نێودەوڵەتی (ILC)
بەشێکی گرنگی پرێزەنتەیشنەکە تایبەتە بە کاری ILC لەسەر ئیمتیازی کاربەدەستانی دەوڵەت لە دادگای تاوانیی دەرەوەی وڵات.
لە Draft Article 6 ـدا تاوانە نێودەوڵەتییەکان وەک:
* جینۆساید؛
* تاوانەکانی مرۆڤایەتی؛
* تاوانەکانی جەنگ؛
* ئەپارتاید؛
* ئەشکەنجە؛
* ونکردنی بە زۆر؛
* تاوانی هێرش؛
* کۆیلایەتی؛
* بازرگانی بە کۆیلەکان
لەو تاوانانە دادەنرێن کە حەصانەی «ratione materiae» نابێت لەسەریان جێبەجێ بکرێت.
ئەم خاڵە بۆ دادگاییکردنی کەسانێک کە لە تاوانە گەورەکاندا بەشدارییان کردووە، بە تایبەتی ئەگەر کردارەکانیان لە کاتی پۆستی فەرمییاندا ڕوویدابێت، گرنگیی زۆری هەیە.
# # # ٦. پەیماننامەی پێشنیارکراو بۆ تاوانەکانی مرۆڤایەتی
پرۆژەی «Crimes Against Humanity Initiative» لەلایەن پرۆفیسۆر Leila Nadya Sadat لە Washington University دامەزراوە و پرۆژەکە پەیماننامەیەکی نموونەیی بۆ ڕێگری و سزادانی تاوانەکانی مرۆڤایەتی پەرەپێداوە.
پێشنیارەکە ٢٧ ماددە و ٦ پاشکۆی هەبوو و لە چوار بنەمای سەرەکی پێک هاتووە:
1. بنەما یاساییەکان؛
2. ڕێگری؛
3. سزادان؛
4. تواناسازی.
ماددەی ٦ی پێشنیارەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ماددەی ٢٧ی ستاتۆتی ڕۆم وەرگیراوە و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پۆستی فەرمی نابێتە هۆی ڕزگاربوون لە بەرپرسیارێتی تاوانی، و حەصانە و ڕێکارە تایبەتەکان نابێت ڕێگری لە دادگاییکردن بکەن.
# # # ٧. پڕۆسەی ILC و پەرەپێدانی پڕۆژەکە
لە ساڵی ٢٠١٧ ـەوە ILC کۆمەڵێک Draft Articles ـی تەواوی پێشکەش کرد. تا فێبرۆری ٢٠١٩، کۆمسیۆن وەڵامی ٣٨ دەوڵەت، ٧ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و ژمارەیەکی زۆر لە ڕێکخراوە مەدەنییەکان و تاکەکان وەرگرتبوو.
لە ٥ی ئاگۆستی ٢٠١٩، ILC پێشنیاری کرد کە پەیماننامەیەک لەلایەن کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان یان کۆنفرانسی دیپلۆماسیی دەوڵەتان دروست بکرێت.
پڕۆسەکە لە ٢٠١٩ تا ٢٠٢٤ بەردەوام بوو و لە ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ کۆبوونەوەکانی پشوودراوەی کۆمیتەی شەشەم بەڕێوەچوون.
# # # ٨. بەرەو پەیماننامەی نوێی تاوانەکانی مرۆڤایەتی
لە ژانویەی ٢٠٢٦، کۆمیتەی ئامادەکاریی یەکەمین دانیشتنەکەی بەڕێوەبرد. ژمارەی ١٠٠ قسەکەر لە پلێناری تۆمار کراوە، لەوانە ٩٤ نوێنەری دەوڵەت و ٦ گروپی ناوچەیی یان سیاسی. هەروەها ١١٧ ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی accreditation ـیان هەبوو، بەڵام تەنها ١٤ ڕێکخراو لە پلێناریدا وتاریان پێشکەش کرد.
پرۆسەکە نیشان دەدات کە دەوڵەتان بە شێوەیەکی گشتی بۆ پەیماننامەکە بەرەو دوو بەرە دەچن: هەندێک دەوڵەت پشتگیریی پێشکەوتووانە دەکەن و هەندێکی تر دژایەتیی پرۆسەکە یان پێشنیاری کەمکردنەوەی پابەندییەکان دەکەن.
# # # ٩. پێشنیارەکانی دەوڵەتان لەسەر ماددەی ٦(٥)
تا ١١ی ژوونی ٢٠٢٦، ٦٦ پێشنیار لەلایەن ٧٣ دەوڵەت و یەکێتیی ئەورووپاوە پێشکەش کرابوو.
١٢ دەوڵەت پێشنیاری تایبەتیان لەسەر ماددەی ٦(٥) پێشکەش کردبوو. ٩یان بە شێوەیەکی بنەڕەتی داوای ئاماژەکردن بە پرۆژەی ILC لەسەر حەصانەیان کردبوو. لە بەرامبەردا، لیتوانیا پێشنیارێکی بەهێزتری کردبوو کە پۆستی فەرمی یان ڕێکارەکانی حەصانە نابێت ڕێگر بێت لە جێبەجێکردنی دەسەڵاتی تاوانیی نیشتیمانی. میسر پێشنیاری سڕینەوەی ماددەی ٦(٥) ـی کردبوو.
هەروەها پێشنیارەکانی ئەستۆنیا و ڕۆمانیا، لێختنشتاین و سلۆڤینیا و سویسرا هەوڵ دەدەن بە شێوەی جیاواز بنەمای نەبوونی حەصانە بۆ تاوانەکانی مرۆڤایەتی بەهێزتر بکەن.
لە بەرامبەردا، میسر پێشنیاری ماددەیەکی نوێی کردووە کە حەصانەی سەرۆکانی دەوڵەت و حکومەت و بەرپرسانی باڵا فراوان دەکات، لە کاتی بەڕێوەبردنی ئەرکەکانیان و تەنانەت دوای کۆتایی پۆستەکەیان بۆ هەندێک کردار.
# # # ١٠. «Procedural Safeguards» و مەترسییەکانی
یەکێک لە خاڵە هەستیارەکانی گفتوگۆکان ئەوەیە کە هەندێک دەوڵەت کە لە ڕووی بنەڕەتییەوە ناتوانن ماددەکانی بەرپرسیارێتی لاواز بکەن، دەچنە سەر پێشنیاری زیادکردنی «ضمانات/پارێزگارییە ڕێکارەییەکان».
پرێزەنتەیشنەکە ئاگاداری دەداتەوە کە ئەمە دەتوانێت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەریی بنەمای بەرپرسیارێتی کەم بکاتەوە. لە هەمان کاتدا، پێشنیارێکی ئیسرائیل باس لە پابەندبوون بە بنەماکانی sovereignty، comity و State immunity دەکات.
# # # ١١. کۆتایی و ئەنجامە سەرەکییەکان
پرێزەنتەیشنەکە بەو ئەنجامە دەگات کە:
* ستاتۆتی ڕۆم، میساقی نۆرەمبێرگ و پەیماننامەی پێشنیارکراوی تاوانەکانی مرۆڤایەتی، بنەمای بەهێزی «نەبوونی کاریگەری پۆستی فەرمی» هەیە؛
* لە ساڵانی دواتردا هەندێک حکومەت و زانای یاسایی دەستیان کردووە بە گومانخستنە سەر ئەم بنەمایە؛
* کێشەی حەصانە بە تایبەتی لە کەیسی Al-Bashir ـدا بووەتە بابەتێکی گەورەی یاسایی؛
* پێشنیارە نوێکان لە پڕۆسەی پەیماننامەی تاوانەکانی مرۆڤایەتی نیشان دەدەن کە جەنگێکی یاسایی لەسەر سنووری حەصانە و بەرپرسیارێتی بەردەوامە.
لە کۆتایی پرێزەنتەیشنەکەدا، پێشنیار دەکرێت ماددەی ٦(٥) لە پەیماننامەکە بە شێوەی ئێستا بهێڵدرێتەوە و لە هەمان کاتدا «procedural safeguards» نەکرێنە ئامرازێک بۆ لاوازکردنی ماددەی ٩.
# # # ١٢. گرنگیی ڕاپۆرتەکە بۆ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دادپەروەری
ئەم بەڵگەنامەیە بۆ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، بەتایبەتی ئەو ڕێکخراوانەی لەسەر جینۆساید، تاوانەکانی مرۆڤایەتی، دادپەروەری و بەرپرسیارکردنەوەی تاوانباران کار دەکەن، گرنگییەکی تایبەتی هەیە.
بنەمای سەرەکی ئەوەیە کە پۆستی سیاسی یان حکومی نابێت بە خۆی ببێتە سپەرێک بۆ پاراستنی کەسێک لە بەرپرسیارێتی بۆ تاوانە نێودەوڵەتییە گەورەکان.
بۆیە بەشداریی کۆمەڵگەی مەدەنی لەم پڕۆسەیەدا گرنگە، بە تایبەتی بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی و دڵنیابوون لەوەی پەیماننامەی داهاتوو بەرپرسیارکردنەوەی تاوانباران بەهێز بکات، نەک لاوازی بکات.