15/08/2026
ئایا تەنها خواردنەوەی ماددە کهولییەکان بەگوێرەی یاسای سزادانی عێراقی و یاسا سزاییەکانی دیکە بە تاوان دادەنرێت؟
پێشەکی پێویستە ئەوەمان لە بیر نەچێت کە خواردنەوەی ماددە کهولی و سەرخۆشکەرەکان لە ئاینی ئیسلامدا بە هەموو شێوەیێک یاساغکراوە.
سەبارەت بە وەڵامی پرسیاری سەرەوە، وەکو بنچینە و بنەمای سەرەکی بە تەنها خواردنەوەی ماددە کهولییەکانی بە تاوان دانەناوە، بەڵام پێویستە جیاوازی بکەین لە نێوان چەند حاڵەتێکدا کە بە هاتنەدی کۆمەڵێ بارودۆخ لەگەڵیدا یاسا بە تاوانی داناوە:
حاڵەتی یەکەم:
ئەگەر هاتوو شۆفێر لە ژێر کاریگەری ماددەی سەرخۆشکەر شۆفێری کرد، ئەوا بەپێی بەشی «٢٢» لە یاسای هاتووچۆ، سزا دەدرێت بە حبسکردن بۆ ماوەیەک کەمتر نەبێت لە «٣» مانگ و زیاتر نەبێت لە «٦» مانگ یان بە غرامەیەک کەمتر نەبێت لە «٥٠٠٫٠٠٠» پێنج سەد هەزار دینار و زیاتر نەبێت لە «١٥٠٠٫٠٠٠» یەک ملیۆن و پێنج سەد هەزار دینار لەگەڵ لێسەندنەوەی مۆڵەتی شۆفێرییەکەی بۆ ماوەیەک زیاتر نەبێت لە «٣» مانگ، بەڵام پێویستە ئەم مەرجانەی خوارەوەی تێدا بێتەدی:
١- دەبێت شۆفێر لە ژێر کاریگەری مادەی سەرخۆشکەر بێت، بۆ زانینی پێوانەی ئەوەی کە ئایا لە ژێر کاریگەری مادەی سەرخۆشکەرە، کار بەو ڕێنماییانە دەکرێت کە لە لایەن لایەنی تەندروستییەوە دەرچوون، کە تێیدا شۆفێر لە ژێر کاریگەری ماددەی سەرخۆشکەر دادەنرێت، ئەگەر ڕێژەی کهول لە خوێنیدا (٠٫٠٫٥)گرام دیسیلیتر بێت.
٢- پێویستە شۆفێری بکات لە ژێر کاریگەری ماددەی سەرخۆشکەر، بەو واتایەی ئەگەر شۆفێر سەرخۆش بێت بەڵام وەستا بێت بە تاوان ئەژمار ناکرێت.
حاڵەتی دووەم:
ئەگەر هاتوو کەسێک کرداری خواردنەوەی لە شوێنێکی گشتی ئەنجامدا، لەم کاتەدا بە گوێرەی مادە «٣٨٦» لە یاسای سزادانی عێراقی، سزا دەدرێت بە غەرامە لە «٥٠٫٠٠٠» پەنجا هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە «٢٠٠٫٠٠٠» دووسەد هەزار دینار زیاتر نەبێت، بەڵام پێویستە ئەم مەرجانەی خوارەوە بێنەدی:
١- پێویستە ئەو کەسە بەهۆی خواردنەوەی مادە کهولییەکە هەست و جیاکاری لە دەستبدات.
٢- پێویستە کەسەکە کۆمەڵێ کرداری نەشیاو ئەنجام بدات کە لە رووی یاساوە یان لە رووی خوڕەوشتی کۆمەڵایەتییەوە قبوڵکراو نەبێت، بۆ نمونە کێشە و پشێوی دروست بکات یان خەڵکی بێزار بکات ٠٠٠٠هتد.
بنەما لەسەر ئەوەی کە خرایە ڕوو، تەنها خواردنەوەی ماددە کهولییەکان بە خۆی تاوان نییە، بەڵکو کاتێک سزا لەسەر کەسەکە جێبەجێ دەکرێت کە لەگەڵ بارودۆخی یاسایی وەک شۆفێریکردن لە ژێر کاریگەری سەرخۆشکەر یان تێکدانی ئارامی گشتی هاوبەش بێت.