13/08/2026
پێش ئەوەی ناوی خۆت یان منداڵەکەت بگۆڕی، ئەم زانیارییە یاساییانە بزانە
گۆڕینی ناو لە بەڕێوەبەرایەتی باری شارستانی کۆمەڵێک یاسا و ڕێکاری تایبەتی هەیە کە پێویستە پێش دەستپێکردنی مامەڵەکان بزانیت:
١. کێ مافی داواکردنی هەیە؟
کەسی سەروو ١٨ ساڵ: خۆی بە شێوەیەکی سەربەخۆ دەتوانێت داواکاری (عەریزە) پێشکەش بکات.
منداڵ (ژێر ١٨ ساڵ): داواکارییەکە تەنها لەلایەن وەلی ئەمرەوە (باوک یان سەرپەرشتیاری یاسایی) پێشکەش دەکرێت.
٢. چەند جار دەتوانیت ناو بگۆڕیت؟
بەپێی یاسای باری شارستانی ژمارە ٦٥ی ساڵی ١٩٧٢ی بەرکار، گۆڕینی ناوی یەکەم تەنها یەک جار لە ژیاندا ڕێگەپێدراوە.
٣. مەرج و هۆکارە یاساییەکان
دەبێت هۆکارێکی ڕەوا و قەناعەتپێکەر هەبێت (وەک: ناشیاوی ناوەکە، نەگونجانی لەگەڵ دابونەریت، یان هۆکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی).
ڕێگە نادرێت ناو بگوڕدرێت بۆ مەبەستی هەڵهاتن لە بەرپرسیارێتی یاسایی، سزادان، یان فێڵکردن.
٤. ڕێکارە یاساییەکان
داواکاری: پێشکەشکردنی عەریزە بۆ بەڕێوەبەری باری شارستانی ناوچەکەت.
بڵاوکردنەوە لە ڕۆژنامە: دوای ڕەزامەندی سەرەتایی، ناوە نوێیەکە لە ڕۆژنامەیەکی فەرمی ڕۆژانەدا بڵاودەکرێتەوە.
ماوەی ڕەتدانەوە (موعارەزە): ماوەیەکی یاسایی دیاریکراو (ئاسایی ٥ تا ١٥ ڕۆژ) دادەنرێت بۆ ئەوەی ئەگەر کەسێک تێبینی یان کێشەی یاسایی لەسەر گۆڕینی ناوەکە هەبێت، پەڵپ بگرێت.
٥. نوێکردنەوەی بەڵگەنامەکان
دوای دەرچوونی بڕیاری کۆتایی، پێویستە سەرجەم بەڵگەنامە فەرمییەکانی تر (کارتی نیشتمانی، پاسپۆرت، بڕوانامەی خوێندن، تاپۆ و هەژماری بانکی) نوێ بگوڕدرێن و ڕێکبخرێنەوە تاوەکو لە دواڕۆژدا ڕووبەڕووی هیچ ئاستەنگێک نەبیتەوە.
ئامادەکردنی / پارێزەر ڕەوەند