16/04/2026
بۆ جوڵەپێکردنی دۆسییەکانی جێبەجێکردن، وەزارەتی داد رێنمایی نوێی دەرکرد
- وەزارەتی داد دووپاتیکردۆتەوە نابێت دۆسیەی جێبەجێکردن رادەستی هاووڵاتی بکرێت جا هەر سیفەتێکی هەبێت .
- پارێزەری بریکاری لایەنێکی دۆسییەکە کردووە، کە دەبێت لە ژوری بەڕێوبەری فەرمانگە تێخوێندنەوە لە دۆسییەکەدا بکات .
لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی سیاسەتی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتیان، وەزارەتی داد رێنمایی نوێی دەرکرد بۆ چۆنێتی جوڵە پێکرنی دۆسییەکانی جێبەجێکردن و رێکخستن و کارئاسانی و پاراستنی مافی لایەنەکانی دۆسییەکان، ئەوەش لەپێناوی پاراستنی موڵک و مافی هاووڵاتیاندا.
وەزارەتی داد لەوبارەیەوە رێنمایی ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠٢٥دەرکردووە، کەلە تازەترین ژمارەی رۆژنامەی وەقایعی کوردستان (٣٣٦)دا بڵاوکراوەتەوە، تیایدا بەمەبەستی رێکخستن و پارێزگاریکردن لە دۆسیەکانی جێبەجێکردن و ناوەڕۆکەکەی لە هەرجۆرە لەناوچوون و تێکچوونێک، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی جێبەجێکردن و بەرپرسی ژووری ئەرشیڤی بەرپرسیارکردووە، چەختی لەوەش کردۆتەوە کە بێجگە لە فەرمانبەرانی دەستنیشانکراوی ژووری ئەرشیڤ، بۆ هیچ کەس نییە بچێتە ئەوێ .
بە پێی رێنماییە نوێیەکە، دۆسییەی جێبەجێکردن دەبرێتە دەرەوەی ئەرشیڤ، لەسەرداوای جێبەجیکاری دادیی تایبەتمەند، یان دادگای تایبەتمەند، یان سەرپەرشتیاری دادیی یان لیژنەی لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند، دەشبێت رادەستکردنەکە و گەڕاندنەوەی لە تۆماری ئەستۆ بەفەرمی جێگیر بکرێت.
وەزارەتی داد لە رێنماییەکەیدا، داوا لە پارێزەری بریکاری لایەنێکی دۆسییەکە کردووە، کە دەبێت لە ژوری بەڕێوبەری فەرمانگە تێخوێندنەوە لە دۆسییەکەدا بکات، هەروەها جووڵەپێکردنی دۆسییەی جێبەجێکردن لەناو فەرمانگەکەشدا، دەبێت لەلایەن فەرمانبەرێکی ژووری ئەرشیڤەوە بێت، و نابێت دۆسیەی جێبەجێکردن رادەستی هاووڵاتی بکرێت جا هەر سیفەتێکی هەبێت .
هەر بە پێی رێنمایی ژمارە ( ٢)ی ساڵی ٢٠٢٥ ، دۆسییەکانی جێبەجێکردن دەبێت لاپەرەکانی ژمارە (تەرقیم) بکرێن، ئەگەر بۆ دەرەوەی فەرمانگە رەوانە کرا، و پێویستە لاپەرەی ناوەڕۆکیشی( فەهرەستی ) بۆ رێکبخرێت .