20/12/2025
سزای هەڕەشەکردن چیە و یاساکانی چین؟؟
قانوون و هەڕەشەکردن
دەربارەی تاوانی هەڕەشەکردن لە یاسای سزادانی عیراقی ژمارە 111 ی ساڵی 1969، ئەم یاسایە بەمجۆرە هەڕەشەکردنی بە تاوان داناوە و سزای دیاریکردووە.
مادە 430:
1- بە بەندکردن (سجن) سزا دەدرێت لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێ یان بە گرتن (حەپس)، ئەوەی هەڕەشەی لە یەکێکی دیکە کردبێت دژی خود یان ماڵی کەسی دیکە یان هەڕەشەی دانەپاڵی چەند کارێکی ئابڕوبەر یان درکاندنی كارەكانی ئابڕوبەری لێ كردبێت .
-2 هەڕەشە هەمان سزای دەبێت، گەر هەڕەشەکردن لەڕێی نامەیەک بێت کە ناوی نێرەرەکە (پەیامنێرەكەی) تیادا نەبێت.
جگە لەمانە ئێستا هەڕەشەکردنی ئەلیکترۆنی یەکێکه لە دیارترین جۆرەکانی هەڕەشەکردن کە خۆی دەبینێتەوە لە بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و تەکنەلۆجیا کە کۆمەڵگەی رووبەڕووی مەترسی جدی کردۆتەوە لەم بارەشدا یاسای ئەو تاوانانە لە رێگەی ئینتەرنێت و ئامێرەکانی پەیوەندیکردنەوە دەکرێن، پەرلەمانی کوردستان، ساڵی 2008، یاسای ژمارە 6 بەناوی (قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن لە هەرێمی كوردستان) دەرکرد.
بەگوێرەی مادەی دووەمی ئەو یاسایە «هەرکەسێک ئەگەر بە خراپی تەلەفۆنی خانەیی (مۆبایل) یان ئامێرێکی پەیوەندی، پەیوەندیکردنی تەلدار یان بێتەل یان ئینتەرنێت و پۆستی ئەلیکترۆنی بێت بۆ مەبەستی هەڕەشەکردن بەکاربهێنێت، ئەوا بۆ ماوەیەک بەند دەکرێت(حبس) کە لە (6) مانگ کەمتر نەبێت و لە (5) ساڵیش زیاتر نەبێت، بە غەرامەیەکیش سزادەدرێت کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت، یان بە یەکێک لەو دوو سزایە سزادەدرێت».
ئێستا هەڕەشەکردن بووەتە خوی هەندێک کەس کە مەترسی جدی دروستکردووە بۆسەر ژیان و ئارامی کەسەکان بەتایبەت هەڕەشەکردنی ئەلیکترۆنی، پێویستی بە هەوڵی تەواوی شارەزایانی دەروونی و کۆمەڵایەتی و یاسایی هەیە تا بتوانن دادپەروەری بچەسپێنن و تاوانەکە کەمتر بکرێتەوە.
پارێزەر : بەڵێن نبی ڕسول بلەیی