30/06/2026
ئەگەر یەکێك لە واریسەکان ڕازی نەبوو خانووی میرات بفرۆشرێت دوای مردنی باوکیان یان دایکیان ، یاسا چی دەڵێت؟
یەکێك لە باوترین و ئاڵۆزترین کێشە کۆمەڵایەتی و یاساییەکان کە لە دادگاکاندا دەبینرێت، بابەتی **"موڵکی هاوبەش یان میراتی"**یە. زۆرجار دوای کۆچی دوایی باوک یان دایک، میراتگرەکان دەیانەوێت خانوو یان زەوییەکە بفرۆشن و پشکەکان دابەش بکەن، بەڵام یەکێک لە واریسەکان کێشە دروست دەکات، ڕازی نابێت بفرۆشرێت، یان خۆی لە خانووەکەدا نیشتەجێ بووە و نایەوێت چۆڵی بکات.
ئایا لەم دۆخەدا دەبێت واریسەکانی تر بێدەنگ بن و چاوەڕێی ڕەزامەندی ئەو بکەن؟
نەخێر، یاسای مەدەنی عێراقی چارەسەری کێشەکەی کردووە لە ڕێگەی داوایەکەوە بە ناوی "داوای نەهێشتنی هاوبەشی" (دعوى إزالة الشيوع).
١. کێ مافی هەیە ئەم داوایە تۆمار بکات؟
پێویست ناکات هەموو واریسەکان پێکەوە بن. تەنها یەک واریس (تەنانەت ئەگەر کەمترین پشکیشی بەرکەوێت) مافی هەیە لە دادگای بەرایی (بداءة) ئەو ناوچەیەی موڵکەکەی لێیە، داوای یاسایی تۆمار بکات بۆ نەهێشتنی هاوبەشی و دابەشکردنی موڵکەکە.
٢. دادگا چۆن کێشەکە چارەسەر دەکات؟
دوای تۆمارکردنی داواکە، دادگا لێژنەیەکی پسپۆڕ (شارەزایان) ڕادەسپێرێت بۆ بینینی موڵکەکە، و دوو ئەگەر دێتە پێشەوە:
ئەگەری یەکەم (دابەشکردنی عەینی): ئەگەر موڵکەکە زەوی بێت یان هێندە گەورە بێت کە بکرێت بەبێ کەمبوونەوەی بەهاکەی دابەش بکرێت بەسەر هەموو پشکەکاندا، دادگا بەش بەش لێکی جیا دەکاتەوە.
ئەگەری دووەم (فرۆشتن بە زۆری یاسا): ئەگەر موڵکەکە خانوو بێت یان شوقە (کە شابی شیکردنەوە نەبێت و نەکرێت بەش بەش بکرێت)، لێژنەی شارەزایان نرخێکی ڕاستەقینەی بازاڕی بۆ دادەنێن، پاشان دادگا موڵکەکە دەخاتە "زیادکردنی ئاشکرا" (المزايدة العلنية) و دەفرۆشرێت. دوای فرۆشتنی، پارەکەی بەپێی پشکی شەرعی و یاسایی دابەش دەکرێت بەسەر هەموو واریسەکاندا (تەنانەت ئەو کەسەش کە ڕازی نەبووە، پشکی خۆی بە پارە وەردەگرێت).
٣. ئەی ئەگەر یەکێک لە واریسەکان خۆی لە خانووەکەدا دانیشتبوو؟
ئەگەر یەکێک لە هاوبەشەکان بەبێ ڕەزامەندی ئەوانی تر لە خانووەکەدا نیشتەجێ بووبێت، واریسەکانی تر مافی ئەوەیان هەیە لە دادگادا داوای "کرێی هاوشێوە" (أجر المثل) بکەن بۆ ئەو ماوەیەی کە بەبێ مۆڵەتی ئەوان سوودی لە خانووەکە بینیوە، واتە دەبێت کرێی پشکی ئەوانی تر بداتەوە.
تێبینییەکی گرنگ:
یاسا ڕێگەی نەداوە هیچ کەسێک مافی کەسانی تر پێشێل بکات یان موڵکێک پەکبخات بەناوی ئەوەی "من ڕازی نیم". دادگا ڕێکارەکان بەبێ گوێدانە ڕەزامەندی ئەو کەسە سەرپێچیکارە جێبەجێ دەکات.
ئامادەکردنی
پارێزەر/ ڕەوەند طارق فائق